به پێی هەواڵ دەریی ئەهلو بەیت(ع) ، ابنا :سەردار سەرتیپ قاسم ڕەزایی فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی سنووری وڵات رۆژی پێنج شەممە لە ڕێوڕەسمی ناساندنی فەرماندەی نوێی پاراستنی سنووری ئازەربایجانی رۆژئاوا ڕایگەیاند: دەبێت فەرمان و بڕیاری ڕێبەری باڵای شۆڕش سەبارەت بە قاچاخی کەلوپەل جیبەجێ بکرێت.
ئەو لە درێژەدا وتی: هۆشداری دەدەین بە قاچاخچیەکانی کەلوپەل چونکو هێزەکانی ئاسایش و پاراستنی سنوور سوورن لەسەر بەرنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە دزێوە و بە جددی ڕووبەڕووی ئەم کەسانە دەبینەوە.
ناوبراو وێڕای ئاماژەکردن بە ئەوەی کە ڕێبەری مەزن و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان وتوویانە کە کەلوپەلی قاچاخ دەبێت لە بازنەی بەکارهێنان بکەنە دەرەوە و بیسووتێنن، ڕایگەیاند: ئێمە هێزە چەکدارەکان بەرپرسیاریین لە بەدیهاتنی فەرمانی ڕێبەری مەزن و بە توندترین شێواز ڕووبەڕووی ئەم دیاردەیە و کەسانی قاچاخچی دەبینەوە.
ئەو هێزەکانی ئاسایش و سنوورپارێزی بە بەرپرسیاری بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی کەلوپەل و دراو هەژمار کرد و ڕایگەیاند: دام و دەزگا کارگێڕییەکانی پارێزگا بەرپرسیارن و دەبێت هەوڵ بۆ ئەوە بدەن تا ئەم کەسانە بەرەو ئیش و کاری دروست و ڕێکوپێک ئاراستە بکەن.
سەردار ڕەزایی وتیشی: لە ئازەربایجانی رۆژئاوادا سەرەڕای دراوسێیەتی لەگەڵ سێ وڵات هاوکاری لە نێوان دام و دەزگا کارگێڕی و هێزە چەکدار و ئەمنییەکان زۆر باشە و ئەم هاوکارییە بووتە هۆی ئەوەی تاکوو ئەمڕۆ یەکێتی و تەبایەکی نموونەیی لە نێوان پێکهاتەکانی ئەم پارێزگایەدا ببینین.
ناوبراو هەروها ڕایگەیاند: پێشتر لە لە بەشێک لە ناوچە سنوورییەکانی ئەم پارێزگایە زۆر بەسەر دۆخەکەدا زاڵ نەبووین بەڵام لە ئێستادا بە شەونخوونی سنوورپارێزان بە تەواوەتی زاڵێن بەسەر هەموو خاڵ و شوێنە سنوورییەکاندا و هەر جۆرە هەنگاو و کردەوەییەک لە لایەن هێزەکانی دژە شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چاودێڕی دەکەین.
فەرماندەی سنوورپارێزی ناجا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لە ئەمڕۆدا کار و کردەوەی هاوبەش و تەبای و تۆکمە لە نێوان خەڵک و هێزە چەکدارەکان لەم پارێزگایەدا دەبینین و ئەمەش هێمنی و ئارامی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە، ڕایگەیاند: سنوور پێگەیەکی نەتەوەیی هەیە و هەموو ئێرانییەک لەم پێگە و جێگەیەدا ماف و بەرپرسیاریەتیان هەیە و دەبێت پێکەوە هەوڵ بدەین تا لە سنوورەکان و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە باشی بپارێزین و بەرگری لێ بکەین.
وتیشی: خەڵک هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامیەوە پشتیوانی ئەم ڕێبازە بوونە و لە هەموو سەختیەکاندا پشتیوانی نیزامی ئیسلامی بوونەوە و لەمەو بەدواش ئەم ڕەوتە هەروا درێژەی دەبێت.
سەردار ڕەزایی زیادی کرد: شەهیدانی ئەمڕۆ چاودێری کاروباری ئێمەن و ئێمەش دەبێت داوای یارمەتی لە شەهیدان بکەین بۆ ئەوەی لە کارەکانماندا سەرکەوتوو بین.
نوێنەری وەلی فەقی لە ئازەربایجانی رۆژئاوا و وتاربێژی هەینی شاری ورمێش لەم ڕێوڕەسمەدا ڕایگەیاند: لەچوارچێوەی ئەو پێداگری و جەختکردنەوەیە کە ڕێبەری مەزن بۆ بەرپرسانی نیزام هەیبووە دەبێت دیاردەی دزێوی قاچاخ لە ناو وڵاتدا لەناو بچێت.
مامۆستا سەید مەهدی قوڕەیشی وتیشی: داوای لە فەرماندەی نوێی سنوورپارێز دەکەین تا فەرمانەکەی ڕێبەری مەزان بە تەواوەتی جێبەجێ بکەن و لەم کارەدا زۆر بە جددی مامەڵە بکەن ڕووبەڕووی قاچاخچییەکان ببنەوە.
ناوبراو زیادی کرد: پرسی قاچاخ لەم پارێگایەدا کێشەیەکی گەورەیە و لەم بارەیەوە دەبێت زۆر بە جددی هەوڵ بدەین و فەرمانی ڕیبەری مەزن جێبەجێ بکەین.
لەم ڕێوڕەسمەدا سەردار عێزەتۆڵڵا ڕەشیدیان وەکوو فەرماندەی سنوورپارێزی ئازەربایجانی رۆژئاوا ناسێنرا و دەستخۆشی لە هەوڵ و ماندبوونی سەردار محەممەد عەباسی کرا.....
کۆتایی کورتە نامە/310